بۆ ناوەڕۆک بازبدە

داوود

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
داوود
بە عیبری: דָּוִד
بەشێکە لەداوود و بەتشەبەع، داوود و جۆناسان، پێغەمبەر
نازناوپادشا، King of Israel
شوێنی ناشتنشاری داوود، ئورشەلیم
باوکیەسا
دایکنیتزەڤێت
خوشک و براEliab، Shimea، Abinadab، Zeruiah، Abigail
خێزانبنەماڵەی داوود
کەسێکی دیارJonathan
زمانەکانی ئاخاوتنعیبری تەوراتی
پۆستەکانKing of Israel، پێغەمبەر
قوتابییساموئیل
خوێندکارAhijah the Shilonite
نەژادجوو
ئایینجوویەتی
پلەی پیرۆزدانانقدیس
ڕۆژی جەژن٢٩ی کانوونی یەکەم
Partner in business or sportJonathan
ئامێری مۆسیقادەنگ، چەنگ
شاکارەکانTehillīm
ڕووداوە بەرچاوەکانبیناو
بەکاردەھێنێتweapon sling
دۆخی مافەکانی لەبەرگرتنەوەمافەکانی لەبەرگرتنەوە بەسەرچوون

داوود (بە عیبری דָּוִד داوید، و بە عیبری نوێ «داڤید») واتای دڵگیرە، دووەم پاشای شانشینی ئیسرائیلی یەکگرتووە (١٠١١ پ. ز - ٩٧١ پ. ز) و یەکێکە لە پێغەمبەرەکانی بەنی ئیسرائیل بەپێی بیروباوەڕی ئیسلامی.[ژێدەر پێویستە]وەسفکراوە بەوەی کە ڕاسترین و پاکترین پاشا بووە لە پاشاکانی ئیسرائیلی مێژووییدا -بەڵام بێ ھەڵە نەبووە- ھەروەھا جەنگاوەرێکی لێھاتوو بووە، مۆسیقاژەن و ھۆنەر بووە.[١][٢]

سەرچاوەناسی

[دەستکاری]

پەرتووکی یەکەمی ساموئێل (لە بەشی ١٦ بەدواوە)، پەرتووکی دووەمی ساموئێل و ٢ بەشی یەکەمی پەرتووکی یەکەمی پادشایان سەرچاوە سەرەکییەکانی ژیانی داوودن. ھەروەھا زانیاری لە پەرتووکی یەکەمی تواریخیشدا ھەیە. لە ڕابردوودا پێ وابوو کە پەرتووکەکانی ساموئێل و پادشایان لە دەرباری ئۆرشەلیم لە سەدەی دەیەمی پێش زایین (سەدەی پاشایەتیی داوود و سولەیمان) نووسراون. ئەمڕۆ ئەم گریمانەیە بڕوای پێ ناکرێت و مێژووتوێژەران گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە تۆمارکردنی نووسراوی مێژوو تا پێش سەدەی ھەشتەمی پێش زایین لە ئیسرائیلدا بوونی نەبووە. بەپێی گریمانەی بەڵگەیی، پەرتووکەکانی یەشوع، دادوەران، ساموئێل و پادشایان ھەموویان لەلایەن یەک کەسەوە نووسراون و بەم سەرچاوە ھاوبەشەش بە شێوەیەکی باو ناوی مێژووی دواوتاری لێنراوە. پێدەچێت مێژووی دواوتاری لە کۆتاییی سەدەی حەوتەم یان سەرەتای سەدەی شەشەمی پێش زایین (سەردەمی دەربەدەری) نووسرابێت. ھەندێک لە توێژەران ئەم گریمانەیە کە مێژووی دواوتاری بە بەکارھێنانی بەڵگەنامە کۆنەکان نووسراوە ڕەت دەکەنەوە و پێیان وایە کە ئۆرشەلیم تا پێش سەدەی ھەشتەمی پێش زایین پایتەختی دەوڵەتی ئیسرائیل نەبووە؛ بۆیە بابەتەکانی پێوەست بە پاشایەتیی یەکگرتوو (شاوول، داوود و سولەیمان) بە تەواوی لە گێڕانەوە زارەکییەکانەوە کۆکراونەتەوە و ھیچ بنەمایەکی مێژووییان نییە. لە مەزموورەکانیشدا ئاماژە بە داوود کراوە، بەڵام مێژووییبوونیان ڕوون نییە.[٣] [٤]

لێکۆڵینەوەی مێژوویی و ڕەخنەیی

[دەستکاری]

بە بۆچوونی توێژەران، داوود کەسایەتییەکەی پێوەندیدارە کە دوو سەردەمی مێژووی ئیسرائیل بە یەکەوە دەبەستێتەوە؛ سەردەمی ژیانی ھۆزایەتی و گوندنشینی کە شاوول تێیدا فەرمانڕەوایی دەکرد، و سەردەمی پاشایەتی کە زیاتر بە ناوی سولەیمانەوە بەستراوەتەوە. بە واتایەکی تر، داوود بە مانای ڕاستەقینەی وشەکە پاشا نەبووە، بەڵام نابێت بە خان یان ڕێبەرێکی ھۆزایەتیش ھەژمار بکرێت. زۆرێک لە مێژوونووسان بوونی مێژوویی داوود قبووڵ دەکەن، بەڵام پێیان وایە کە بەڵگەی جێی متمانەی کەم لەسەر ئەو بوونی ھەیە. وەک کەسایەتییەکانی تری تەناخ، بۆچوونی توێژەرانیش لەسەر داوود لە دەیەی ١٩٨٠ بەدواوە تووشی گۆڕانکاریی زۆر بووە، کە ھۆکارەکەی ھەڵسەنگاندنەوەی دووبارەی تەناخ بووە لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ.[٥]

بە شێوەیەکی گشتی، دەکرێت بۆچوونی توێژەران لەسەر داوود بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە کە ئەو خان یان پاشایەک بووە لە باشوور (یەھوودا) کە فەرمانڕەواییی خاکێکی بچووکی کردووە، و ھێز، قەڵەمڕەو و دەستکەوتی سنووردارتری ھەبووە لەوەی کە لە تەناخدا نیشان دراوە. ئێستیڤن مەککەنزی لە پەرتووکی پاشا داوود: ژیاننامە (٢٠٠٠) و بروخ ھالپرن لە پەرتووکی شەیتانە شاراوەکانی داوود: مەسیح، بکوژ، خائن، پاشا (٢٠٠١) ھەمان ئەو بۆچوونانەیان پەیڕەو کردووە کە لە ساڵی ١٩٨٠ بەدواوە لە نێوان توێژەراندا پەسەند بووە، و ھەوڵیان داوە بە ڕووچوونە ناو توێژە ژێرینەکانی دەقەکان، «تۆوی مێژوویی»یان بدۆزنەوە. بە بۆچوونی مەککەنزی و ھالپرن، داوود جەنگاوەرێکی تینووی دەسەڵات بووە و تایبەتمەندییە ڕەوشتییەکانی لەگەڵ پێوەرەکانی ئەمڕۆدا نەگونجاوە. بە بۆچوونی ئەوان، نووسەرانی پەرتووکی پیرۆز کەمکوڕییەکانی داوودیان پۆشیوە و گەورەکردنەوەیان لە کەسایەتی و دەستکەوتەکانیدا کردووە.[٥]

لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی لە چیرۆکەکانی پەرتووکی پیرۆز توێژەرانی گەیاندووەتە دەرئەنجامێکی تریش؛ کە داوود مەرج نییە جێنشینی شاوول بووبێت، بەڵکو ئەو فەرمانڕەوایەکی ڕکابەر بووە کە توانیویەتی دەست بەسەر قەڵەمڕەوی شاوولدا بگرێت. ئەم تیۆرییە لەو کاتەوەی گومانەکان خرانە ڕوو سەبارەت بەوەی کە یەھوودا و ئیسرائیل پێش پێکھێنانی دەوڵەت لە ناوچەکەدا، یەک نەتەوە بوون، بەرچاوتر بووەتەوە. لە چیرۆکەکەدا، داوود لە سەرەتادا لە یەھوودا و ساڵانێک دواتر لە «تەواوی ئیسرائیل»دا بە پاشا ناو دەبرێت، و نووسەرانی تەناخ بە بەردەوامی قەڵەمڕەوی ئەویان بە ناونیشانی «ئیسرائیل و یەھوودا» ناو بردووە. بەم شێوەیە، ئەوەی دوای مردنی شاوول ڕووی داوە، گواستنەوەی پاشایەتی لە پاشایەکەوە بۆ پاشایەکی تر نەبووە، بەڵکو ئیسرائیل بە یەھووداوە لکێندراوە، ئەویش بە یارمەتیی پێشبینیکراو لەلایەن فەلەستینییەکانەوە. داوود باپیری زنجیرەفەرمانڕەواییی پاشایەتیی یەھوودا (لە باشوور) بووە و پاشاکانی ئەم زنجیرەیە بانگەشەی فەرمانڕەواییکردنیان بەسەر قەڵەمڕەوی ھۆزی بنیامین (لە باکوور)دا دەکرد، بۆیە لە سەرچاوەکانیاندا داوودیان لە ڕکابەرێکی دێرینی شاوولەوە گۆڕیوە بۆ جێنشینی ئەو.[٥]

بۆچوونی تریش ھەیە؛ توێژەرانی وەک لێمخ پێیان وایە کە ناوەڕۆکی پەرتووکەکانی ساموئێل و پادشایان ناتوانرێت بە «مێژوو» ناو ببرێت. لێمخ پێی وایە ھیچ شوێنەوارێکی داوود و سولەیمان لە دۆزینەوە شوێنەوارناسییەکاندا نییە، و ھیچ بەڵگەیەکیش نییە کە بیسەلمێنێت داوود لە ڕووی مێژووییەوە بوونی ھەبووە. ئەو توێژەرانەی کە نکۆڵی لە بوونی مێژوویی داوود دەکەن، ئەو بە کەسایەتییەکی ھاوشێوەی شا ئارسەر دادەنێن کە دواتر ھێنراوەتە کایەوە. لە لایەکی ترەوە، کەسانێکی وەک پڕۆڤان و لۆنگمان دەڵێن ھیچ بەڵگەیەکی قایلکەر پێشکەش نەکراوە بۆ باشتردانانی بۆچوونی توێژەرانی ھاوچەرخ بەراورد بەوەی کە لە پەرتووکی پیرۆزدا نیشان دراوە.[٥] [٦]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ↑ «قصة داود علیە السلام سطور». sotor.com (بە عەرەبی). لە ٣١ی ئایاری ٢٠٢٢ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
  2. ↑ «معلومات عن سیدنا داود». موضوع (بە عەرەبی). لە ٣١ی ئایاری ٢٠٢٢ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
  3. ↑ Halpern 2006، لاپەڕەکانی 444–446.
  4. ↑ Na'aman 2006، لاپەڕەکانی 79–80.
  5. 1 2 3 4 Kelle & Moore 2011.
  6. ↑ Halpern 2006، لاپەڕە 445.